سەرەتا » 2017 » June » 5 » شانۆی كۆمێدی یان كاری گاڵتە ئامێز ؟
1:59 AM
شانۆی كۆمێدی یان كاری گاڵتە ئامێز ؟

 

زۆر جاران كە شانۆ لە دەرەنجامی كۆمەڵێ‌ هەلو مەرجی سیاسی و ئابووریی و كۆمەڵایەتیەوە دووچاری ئاستەنگێك دەبێت و تێیدا شانۆی جاد ون دەبێت ، بۆشاییەك لە گۆڕەپانەكەدا دروست دەبێت ، كە بوار دەڕەخسێنێ‌ بۆ هاتنە پێشەوەی دیاردەی نامۆ ، كە ئاستەمە هیچ ناوێكی لێ‌ بنێین ، چونكە ئەم شێوە كارانە شایەستەی ئەوەش نین هەتا ناویان لێ‌ بندرێت شانۆی بازرگانیش
ئەوانەی ئەو كارە میللیانە بەڕێوە دەبەن بە هیچ كلۆجێك كارەكانیان ناچێتە چوارچیوەیەكی شانۆیی و لە ئەرشیفی شانۆشدا بە كاری شانۆییی هەژمار ناكرێن ، چونكە ئەو بەرهەمانە هیچ ناونیشانێكییان نیە و هەندێ‌ جار نە ناوی نووسەرەكانیان دیارە نە هونەر كارەكان ،بەڵكو كۆكتیلێكی سەر پێین و كۆمەڵێ‌ دیمەن دەگرنە خۆیان ، كە ناتوانن هێلێكی درامی دروست بكەن یا گوتارو فەلسەفەیەكی دیاری كراوی شانۆیی بگەیەنن ،
بەڵام دەبن بە فاكتەرێكی كاریگەر بۆ دابەزینی بەهاو ئاستی شانۆیی ، بەهۆی ئەو ئاسەوارە نەگەتیفانەی بە جێی دێڵن لە پەروەردە و هوشیاریی شانۆیی لای كۆمەڵگا .
چونكە ئەوە گومانی تێدا نیە كە شانۆی جادو شانۆی پێشكەوتوو هەمیشە رۆڵی كارای خۆیان دەنوێنن لە دروست بوونی بینەری هوشیاریی شانۆیی و گەشە سەندنی مەعریفەی شانۆیی و بەرز كردنەوەی وەزیفەو زەرورەتی شانۆ وەك پێكهاتەیەكی زیندوو لە جەستەو رۆحی كۆمەڵگادا ، بە پێچەوانەشەوە كاری داهێزراو بە هەمان شێوە كاریگەری نەگەتیفانەی دەبێت لە سەر دابەزینی ئاستی مەعریفی شانۆیی و لەكەدار كردن و بێزەوەر بوونی شانۆ .
پێم سەیرە ئەوانەی ئەو كارانە بەڕێوە دەبەن ناوی شانۆی كۆمێدی بە باڵای ئەو كارانەدا دەبڕن ، كەچی ئەو كارانە فڕییان بە سەر شانۆی كۆمێدییەوە نیە ، چونكە سەختترین كارێكی شانۆیی كاری كۆمێدییە و هەمیشە كۆمیدیا ئەو هونەرە زەبەللاحە بووە كە بۆ بەدەست هێنانی ئامانج و چێژێك پشت بە كۆمەڵێ‌ پرس و رووداوی كۆمەڵایەتیدا دەبەستێت و تەوزیف كردنی ئەو ئامانجەش رادەستی كۆمەڵێ‌ ئەكتەری بە تواناو دەسەڵات دار لە گوزارشت كردن دەكات بۆ ئەوەی گوتارە شانۆییەكە بگەیەنێت بە ریسوا كردنی ئەو نیشانانەی دەچنە توێ‌ ی نموونەی چەندین كەسایەتی ناوازە ، دیمەنی سەرەو ژێر ، خەوشی كۆمەڵایەتی چەوت ، لە پێناو پاككردنەوەی كۆمەڵگا لەو خەوشانە بە شێوازێك كە ببێتە مایەی ریسوا بوون و بە پێكەنین هێنانی بینەر ..
لەشانۆی كۆمێدی دەرهێنەر ئامرازی تایبەتی خۆی هەیە و بە پلەی یەكەمیش پشت بە ئەكتەرو نمایشی ئەكتەر دەبەستێت ، كە رەنگە هەموو ئەكتەرێك ئەو توانستەی نەبێت كە بتوانێت بەرجەستەی رۆڵی كۆمێدی بكات ، زۆر جاران ئەو جۆرە ئەكتەرانە پسپۆرایەتی خۆیان دەبێت لە نواندنی كۆمێدیا و هەمان ئەكتەر ئەو توانستەی لە كۆمێدیادا نیشانی دەدات ، نەتوانێت لە تراژیدیا دا نیشانی بدات ، كەواتە كۆمێدیا تایبەتمەندی خۆی هەیە لە نواندندا . وێرای ئەكتەر ..دەرهێنەر ئامرازی دیكە بۆ بەرجەستە كردنی كۆمیدیا بەكار دێنێ‌ ، بە تایبەت لە جلو بەرگ و رەنگ و كڵاوو پاڵتۆو كەرەستەكانی تر و بەرجەستە كردنی جەستە و نواندن ، كە هەندێ‌ جار ئەكتەر پێویستی بە دیالۆگیش نامێنێ‌ بۆ بەرجەستە كردنی كۆمیدیاو گەیاندنی فەلسەفەی درامی ، بەڵام من دەپرسم ئەو بەرهەمانەی كە ئێستا ناوی لێ‌ دەندرێت كۆمیدیا وشەی سواوی بازاڕی و نوكتە ساردەكانی لێ‌ دەربكرێت ، چیان بۆ دەمێنێتەوە بۆ بینەر ، ئەدی ئەوە چارلی چاپلنی پاشای پێكەنین نیە بە دیمەنە بانتۆمایمەكانی سەرمایەدارەكانی لە قاف ناوە ؟ ئەوە (روان ئەتكینسون ) نیە بە نواندنە تەنیاكانی دنیا دێنێتە هەژان ؟
بۆیە ئەوەی ئەمڕۆ بە ناوی كۆمێدیاوە پێشكەش دەكرێت ، غەدرێكە لە شانۆی كۆمێدی دەكرێت و سادەترین بینەریش بە ئاسانی درك بەوە دەكات كە ئەو نمایشە خارییانە لە ئامانج تەنها ئامرازێكن بۆ ختۆكە دانی بینەرو بە زۆر بە پێكەنین هێنانێكی كاتی و هەناسە كورت ، ئەوەتا بینەر هەر ئەوەندە لە هۆڵی شانۆكە هاتە دەرەوە ، هەست بەوە دەكا هیچ شوێنەوارێكی هزری و دەروونی پێ‌ نامێنێ‌ ..
خۆ ئەگەر بینەر بیەوێت تەنها پێبكەنێ‌ و شانۆ هیچ وەزیفەیەكی دیكەی نەبێت لەو پێكەنینە بە غەیرە پێكەنین لە پێناو پێكەنین نەبێت ، ئەوە رەنگە مەیموونێكیش بینەر بە پێكەنین بێنێ‌ ، بەڵام ئەو پێكەنینە چ فەلسەفەیەك هەڵدەگرێ‌ و چ پەیوەست بوونێكی بە بیركردنەوەی مرۆڤ و بە چێژی مرۆڤەوە هەیە ؟
ئایا شانۆگەرییە كۆمێدییەكانی عادل ئیمام كە بە دەیان ساڵ لە یادگەی بینەرانیدا بە زیندوویەتی دەمێنێتەوە ، تەنها پێكەنینن یان فەلسەفەی پێكەنینەكانیان ، لە پێكەنین پێ‌ هێنانەكانیان گەورەترن ؟ ئەو شانۆگەرییانە بە ملیۆنەها بینەریان هێنایە پێكەنین ، بەڵام بوون بە مایەی ریسوا كردنی دەسەڵات وروژاندنی شەقام و دروست كردنی هەڵوێست .
مۆلێر كە بە باوكی شانۆی كۆمێدی ناسراوە لە شانۆدا دەڵێت ‏‎frown‎‏ رمز تعبيري ژیان تراژیدیایێكە بۆ كەسێك هەست بكاو كۆمێدیایێكە بۆ كەسێك بیر كاتەوە ) ئەوەیە كە هەمیشە شانۆی كۆمێدی بینەر ئاراستەی ئەو نیشانانە دەكات كە بوونەتە كێشەو ئاریشایێكی كۆمەڵایەتی و زۆرینەی كۆمەڵگا دەگرێتەوە …
بەڵام وەك دیاردە ناتوانین نكۆڵی لەوەدا بكەین كە لە رووی ژمارەوە بینەری شانۆی جاد جیاوازییەكی ئێجگار بەرفرەوانیان لە نێواندا هەیە ، ئەوەتا شانۆی جاد هەمیشە هەژارە لە بینەردا ، ئەو بینەرەی بە دوای ئەوەدا دەگەڕێت كە شانۆ بە هەموو پیكهاتەكانییەوە تینویەتیە هزری و هونەریی ورۆحییەكانی بشكێنێ‌ ، كەچی بینەری كارە میلییەكانی تر هەمیشە لە رووی ژمارەوە هۆڵەكان پڕ دەكەن و هەندێ‌ جاریش دەبێ‌ بینەر نۆرە بگرێ‌ تا نمایشێكی شانۆیی بە بەردەكەوێ‌ بیبینێ‌ ، تەماشای جۆری بینەری ئەو كارانە بكە ، زۆربەیان بینەری شانۆیی نین ، بەڵكو خەڵكی سادەو گەنج و كاسبكارو خێزانن ، بە دوای هۆكارێك دەگەڕێن كاتێكی خۆش و پێكەنیناوی تێدا بە سەر بەرن .. رەنگە ئەم دیاردەیە تەنها گۆڕەپانی هونەریی ئێمەی داگیر نەكردبێت ، بەڵكو لە سەردەمی نوێ‌ داو لە زۆر وڵاتی جیهاندا ئەو دیاردەیە هەیە و هەمیشە بینەری ئەو كارە میللیانە لە بینەری شانۆی جاد زۆرترن …
بەڵام وەزیفەی شانۆ هەر تەنها بە پێكەنین هێنانێكی كاتی نیە ، بەڵكو شانۆ فەلسەفەو گوتارە ستاتیكای خۆی هەیە بۆ ئەوەی بینەر نغرۆی ژێر پێكهاتەكانی خۆی بكاو كاریگەرییە سایكۆلۆژی و هزری و مەعریفیەكانی خۆی بۆ مەودایێكی زەمەنی دوور بە سەر بینەردا بەجێ‌ بێڵێ‌ ، بۆیە ئەگەر دیقەت بدەن تا ئێستاكەش دوای تێپەڕ بوونی چل ساڵ لە تەمەنت هەندێ‌ شانۆگەری لە مێشكت دا زیندوون , چێژە هونەرییەكانیشی لە ناختا نەمردوون …جگە لەوەش ئەگەر هەندێ‌ بینەری شانۆیی سادە ئەگەر ئارەزووی ئەوە بكەن كاتەكانی خۆیان بكەنە قوربانی نوكتەی سارد ، ئەوە بینەرێكیش هەیە ئامادە نیە كاتی خۆی لە گەڵ هەزەلیاتدا بە سەر بەرێت ..قەت وەزیفەی راستەقینەی شانۆ ئەوە نەبووە كە بۆ خواستی بینەری سادە لە ئاستی شانۆ دابەزێنێ‌، بۆ ئەوەی بینەری ئاسایی تێی بگا ، بەڵكو ئەوە شانۆی راستەقینەیە كە لە هەوڵی بەرز كردنەوەی هوشیاریی و چێژی شانۆیی بینەرەكانیەتی بۆ ئەوەی ئەو گۆڕانكاریی و پێشكەوتنە شانۆییە دروست بێت كە بینەری راستەقینەی شانۆ دروست بێت و شانۆش بگاتە ئەو شانۆ زەریفەی كە بینەری شانۆیی ئاواتی بۆ دەخوازێ‌ ..

 

حه‌یده‌ر عه‌بدولره‌حمان

بینراوەکان: 671 | دانراوە لەلایەن: Kurdfas | هەڵسەنگاندن: 0.0/0
سەرجەم پەیامەکان: 0
omForm">
avatar
Make a free website with uCoz