سەرەتا » 2015 » February » 21 » " دڵداری" گۆرانیەکە ، هۆنراوەکەى لە هەردی شاعیرەوە بۆ حەسەن زیرەک و عەدنان کەریم
8:40 PM
" دڵداری" گۆرانیەکە ، هۆنراوەکەى لە هەردی شاعیرەوە بۆ حەسەن زیرەک و عەدنان کەریم

" دڵداری" گۆرانیەکە 
هۆنراوەکەى لە هەردی شاعیرەوە بۆ حەسەن زیرەک و عەدنان کەریم ......

(عادل محمد کریم)

 گۆرانى (دڵدارى) یەکێکە لەو بەرهەمە ناوازانەى لەم دووایانەدا کەوتە بەرگوێم ،لەگەڵ یەکەم بیستنمدا نەمتوانى هەڵوێستە نەکەم لەبەردەمیاو نەمویست بەسەرم داتێپەرێت و کڕنوشی میهرەبانى و خۆشەویستى بۆنەبەم . ئەم کارە هاوشێوەى چەند کارێکی هونەرى نازداری گۆرانى و مۆسیقای کوردیە وشاکارێکی ترو بەبەردێکی ترى بناغەى تەلارى قەشەنگ و جوانى گۆرانى و مۆسیقای کوردى دەبینم. هەربۆیە لەڕێی ئەم نووسینەوە دەمەوێت کەمێک بە ئێوەى خوێنەرى  ئاشنا بکەم کە بەندە کارەکە بەگەورەتر دەزانێت لەوەى کەمن ئەم چەند دێڕەى لەسەر دەنووسم .شایانى باسە ئەم کارە لەسەر خەرجى بەرێوەبەرێتى کەلەپوورى کورد لە سلێمانى بەبەرهەم هاتووە. 
    ئەم کارە بریتیە لەچەند پێکهاتەیەک وهاوشێوەى گۆرانیەکى ئاسایی نییە. لەوانە بیرۆکەى کارەکەو ئاوازە نوێکەى کارەکە کە بنەماى بنەڕەتى کارەکەیە ،ئەمانە  لەدانانى براى هونەرمەندکاک هێرشی عومەر رەزا یە.
لەلاى من سەرچاوەى ئەم کارە چەند خوێندنەوەیەک هەڵدەگرێت یەکێک لەوانە ،هۆنراوەى گۆرانیەکەیە کە ناکرێت لەسەرى نەوەستین وە ئاماژەى پێ نەدەین ، ئەویش هۆنراوەى شاعیری گەورەو بەئەزموونى گەلەکەمان مامۆستا( ئەحمەد هەردی)ە.
    ئەم هۆنراوەیە بۆخۆى شاکارێکە وناکرێت ئەم جۆرە هۆنراوانە هەروا بەسانای بەبێ شاکارێکی مۆزیکی لەم جۆرە بەسەرمۆزیک کاراندا تێ بپەرێت. 
توخمێکی ترى ئەم کارە یان بنەمایەکى بەهێزی ترى ئەم کارە کارى دابەشکردنى مۆسیقاکەیەتى کە براى هونەرمەند( کارزان مەحمود)هەستاوەپێى، کەبەتواناو سەلیقە جوانە قوڵەهونەریەکەى خۆى لەلایەکو لەلایەکى تر  بەسوود وەرگرتن لە بیرۆکەى کارەکە و ئاوازە ناسکەکەى (هێرش عومەر رەزا). 
توخمێکی ترى بەکارهاتووى ئەم کارە کە پێگەى خۆى هەیە لە کارەکەدا مەقامە ناوازەکەى هونەرمەندى گەورە( حەسەن زیرەک)ىنەمرە. کەلەسەر هەمان ئەو مەقامەیە کە "هێرش" میلۆدی بنەڕەتى کارەکەى لە سەر داناوە، بەڵام ڕاستترە بلـَێین رەِنگە "هێرش"بنەماى میلۆدیکەى لەسەر ئەم مەقامە داڕشتبێت و هەوێنى بیرۆکەى کارەکەى لەسەر داڕشتبێت. 
هۆکارو فاکتەرێکی ترى سەرکەوتنى ئەم کارە ووتنى هەمان هۆنراوەى مەقامەکەى ( حەسەن زیرەک)ە بە میلۆدیە نوێیەکەى یاخود ئاوازەکەى کاکە"هێرش"بەدەنگە هونەرییە جوانە ناوازەکەى کاکە"عەدنان کەریم". 
بەشێوەیەکى گشتى من لێرەدا چەند لێکدانەوەیەک و واتایەکى تەندروستى هزری ئیستاتیکاى تیادا دەبینم لە ڕِووى لایەنەشاراوە هونەری وهەست و نەست و سۆزى نەتەوەییمان. 
     یەکێک لەو لێکدانەوانەى لەم گۆرانیەدا کە دەبێت ئاماژەى پێبدرێت ئەم بەستنەوەیە   لەنێوان (حەسەن زیرەک) و(عەدنان کەریم) ئەم حەڵەقەیە بەلاى بەندەوە  واتاى دووبارە زیندوکردنەوەى یەکێک لە گۆارنیەکانى حەسەن زیرەکى نەمر و ئاشناکردنەوەى بەنەوەى ئەمرۆمان ،بەڵام بەشێوازێکی هونەری و قەشەنگتر لەوەى کە هەبووە. ئەمە جێگەى دەستخۆشیە ،چونکە بەداخەوە زۆر جار ئەوەمان بیستووەو بینیوە. کە کاتێک هونەرمەندێک کاری لەسەر میلۆدیەکی ڕەسەنى بیستراو کردبێت دەبینین کە میلۆدیەکە جوان تەوزیف نەکراوەتەوە ولەبرى چاکسازی وئاشناکردنەوەى بەنەوەى نوێ بەپێچەوانەوە هۆگران و گوێگرانى میلۆدیەکەى کەم کردۆتەوە. 
    لەم کارەدا ئەم تەوزیفە زۆرجوان  هاتووەو ئامانجی خۆى پێکاوە. من دڵنیام ئەگەر مامۆستا(حەسەن زیرەک)ئێستاکە لەژیاندا بمایە و گوێی لەم کارە بوایە بەم بەرگە قەشەنگە هونەرییە کوردیەى ئێستاى ئەوا هاوشێوەى "پیرەمێرد"ی شاعیرى  گەورە ونەمر کاتێک لەئامادەیی سلێمانى ساڵى (1946)لە ئاهەنگی یادی نەورۆزدا (عزالدین مستەفا رەسول) دەبینێت بەو منداڵییە چۆن وتار و شیعر دەخوێنێتەوە،"پیرەمێرد" شاگەشکە بووەو لە خۆشیاندا گریاوە و کەلێیان پرسیوە، " خێرە ئەو گریانە ". لەوەڵامدا وتویەتى": گریانى خۆشیە کە ئەو منداڵە زرنگانەى نەتەوەکەم دەبینم هەست دەکەم وەجاخم ڕوونەو پاش مەرگیشم ئێستا دڵنیام کە کەسانى لەمن باشترو چاپوک هەن کە جێگەم دەگرنەوەو ئەمە مایەى خۆشحاڵیمە". 
    بۆیە من دڵنیام هاوشێوەى ئەم حاڵەتە لەم کارەدا دەبینمەوە. مامۆستا ( حەسەن زیرەک) لە ژیاندا بوایە هەمان هەڵوێستى "پیرەمێرد"ى نەمرى دەبوو. هەمان ووتەى ئاراستەى هونەرمەند" عەدنان کەریم" و کاکە " هێرش" وکاکە"کارزان"دەکرد.
    بە کورتى:" بنەماو فاکتەرى سەرکەوتنى ئەم کارە لەم خاڵانەدا دەبینمەوە:-
1-    هۆنراوەى گۆرانیەکە. 
2-    ئاوازێکی جوان و پڕبە  پێستى هۆنراوەکە.
3-    دابەشکردنێکی زۆر هونەرى و جوان (ئیستاتیکی) .
4-    تەوزیف ودانانەوەى مەقامێکی ناوازە و ئاست بەرزى هونەرمەند(حەسەن زیرەک) کەبەشێکە لە کەلەپوورى زێڕینی گۆرانى و مۆسیقای کوردیمان. 
5-    دەنگى کاکە" عەدنان کەریم" کە یەکێکەلە دەنگە هونەریە سازە ناوازەکانى ئیمڕۆی گۆڕەپانى هونەرى گۆرانى  کوردیمان ،نەک تەنها لە کوردستانى باشوور ،بەڵکو سەداى  دەنگە پڕ میهرەکەى هەرچوار پارچەکەى کوردستانى گەورەى تەنیوە. 
6-    تۆمارکردنێکی پاک و بێگەردی هونەرى. 

شیکردنەوەى کــــارەکە:

    بەپێی ئەوەى کە گوێبیستى بووم و ئەو سکۆرەى لەبەردەستمدایە هەندێک لێکدانەوەو شیکردنەوەم هەیە بۆ کارەکە.
کارەکە پێکهاتووە لە سێ بەشی بنەڕەتى. 
یەکەم : مۆسیقایەکی پێشەکى بەدووریتمی جیا :
ڕ‌-    ریتیم         
ب- ریتمی            

دووەم:مەقامەکەى حەسەن زیرەک وەک خۆى دانراوەتەوەو بەدانانى مۆسیقایەک بۆ هاوشانیکردنى . 
سێیەم: میلۆدیوئاوازێکی تازە. کە بە مۆسیقایەکى جوان هاوشانى کراوە. 
سەرجەم کارەکە بۆمۆرکێکی ئۆرکسترالی داڕێژراوە وبۆ چواردە هێڵ سکۆرەکە داڕێژراوە جگەلە هێڵى ئامێرەریتیمە رۆژئاواییەکان. ئامێرەکانیش بریتین لە ( فلوت- ئۆبۆا- کلارنێتى سی بیمول- باسون- هۆرنی فا -ترامپێتى دۆ- ترامبۆن- هارپ- دەنگى گۆرانیبێژ  تینۆر- کەمانى یەکەم – کەمانى دووەم- ڤیۆلا- چەلۆ- کۆنتەرباس). 
شەش باڕی یەکەمى مۆسیقای پێشەکى کارەکە ئیقاعیە و بەپزیکاتو لە رەگەزى دووەمى مەقامی نەهاوەندە بەسۆڵ دەسپێدەکات. ئەم ڕستەیە( 7  )باڕە هەریەک لە ئامێری چەلۆ و کۆنتەرباس ئەم رۆڵەى پێشەکیان وەرگرتووە. 
کارەکە بەپێی ئەم سکۆرەى لەبەردەستمدایە پەیژەى(نەهاوەنى دۆیە)

بەڵام پەیژەى بنەڕەتى میلۆدیەکە و کارەکە (حیجازکارە لەسەر تۆنی سۆڵ )من پێم باش بوو لێرەدا لەسەر ئەم پەیژەیە کارەکە بنوسرایەتەوە. بەم شێوەیە: 
پەیژەى حیجاز کارکورد  لەسەر سۆڵ 

ئەم جۆرە مەقامە بەستایلی ئێرانی (دەزگاى چوارگاى )پێ دەوترێت کەلەلاى ئەوان  واتە  ئێرانیەکان تۆنی دووهەمى پەیژەکە چارەکە تۆنی تەواویش نییە. واتە دەتوانین بڵێین بەچەند کۆمایەک لە تۆنى بیمۆڵ بەرزترە. (3)
لەباڕى حەوتەمەوە ئامێرەکانى تر لە دووهێڵی باسون و ئامێری هارپ و دووهێڵی کلارنێت و ڤیۆلا دەستپێدەکات، هێڵی ڤیۆلاش هەمان رۆڵى چەلۆ و کۆنتەرباسەکە دەبینێت. 
لەباڕی هەشتەمدا گوێبیستى تەنافورێک دەبین لەنێوان دەنگى ژێدارەکان و کلارنێت کە تۆنى{دۆ- سی بیکارە} لەیەک کاتدا شاقوڵى یان هارمۆنی. لێرەدا کۆردی{دۆ- می بیمۆل- سۆل  بیکار} ئەمەش کۆردی (7)کەلە دواى زرمەیەک دەڕوات بۆ{می- سۆل- سی بیکار}واتە بۆ هەڵگەڕاوەی دووهەمی کۆردی می ماینەر. 


ئەمەنموونەیەکە و چەندین نموونەى ترو ڕەنگاو رەنگیەکى جوان  لەدابەشکردنى مۆسیقاکەدا دەبینین کە تواناولێهاتوى کاکە کارزان بەرجەستە  دەکات و سەلیقەی ئەم هونەرمەندە دەردەخات لەکاری داڕشتنى هارمۆنیدا. 
لەباڕی سیانزەهەمەوە ئامێری ئۆبوا دەستپێدەکات لەباڕی چواردەهەمەوە چۆنێتی هاوشانى ئامێرەکانى تر دەگۆڕێت. 
    لێرەدا گۆڕانێکی ڕیتمی بەدیدەکرێت بۆ هاوشانى میلۆدیەکە کە( ئیستلهامێکە) یاخود سەرەتایەکى دوورە بۆ میلۆدی بنەڕەتى ، ئەمەش ئەم گۆڕانە ڕیتمیە ئاسان نیە دانانى بۆهاوشانیکردنى هەر میلۆدیەک بێت ئەم ریتمەش ریتمێکی سیانى دەبل کرۆش لەگەڵ ریتمێکی دوانى ئاسای دەبڵ کرۆش لەیەک کاتدا. 
لەباڕی چواردەهەمیشەوە هۆڕنەکان ڕستەى ئۆبواکەى باڕێک پێش خۆیان وەردەگرنەوە وبەکانونێک دەڕوات لەگەڵ ئەو هاوشانیەى کە پێشتر ئاماژەم پێداوە. لەباڕى (16)دا گۆڕانێکی پەیژەی سەرپێی هەیە بۆ فا دییەز  کە دواى تر پەیەک دەگەڕێتەوە بۆ سۆل. 

 

لەباڕی هەژدە هەمیشەوە هاوشانى سەرەتا دەسستپێدەکاتەوە بەپزیکاتۆ بەهەمان شێوەى سەرەتا لەلایەن هێڵی ئامێرەکانى ڤیۆلا و چەلۆ و کۆنتەرباس. ئەمە بەردەوام دەبێت لەباڕى(23) ڕستەى میلۆدیەکە دەگۆڕیت. بەڵام بەهەمان هاوشانى کە پزیکاتۆن سەرجەم ئامێرەکان بەشدارن بەشێوەی کۆنتراپوینت وکانون بەکارهاتووە بۆدووبارەکردنەوەى میلۆدیەکان و لێرەدا هەست بەکەش وفەزایەکى هونەرى قەشەنگ دەکەیت کە کەکارکردن بەم شێوەیە بۆ مۆسیقای پێشەکى گۆرانى کوردى دەگمەنە.
لەباڕى(سییەمەو)ە  ڕستەى سەرەتای ئۆبواکە  ئەمجارە دەچێتەلاى ئامێری(فلوت و ترامپێتی دۆ) دواى باڕێک هەمان ڕستە دەچێتە لاى هۆڕن و ڤیۆلا و ئەمە جگە لەوەى لەم بەشەدا هاوشانیەکى جیا  دەبینرێت لەلایەن هەندێ هێلی ئامێرەکانەوە کە بریتیە لەسیانیەکى بلانش . 

   دوبارە دانانى ئەم هاوشانیانە بۆ میلۆدی کارێکی سانا نیەو پێویستى بەخەیاڵێکی فراوانی دانەرەو  شتێک نیە لەخۆوە دروست بوو بێت. 
    ئەمە بەردەوام دەبێت تاباڕى( 34 ) لێرە بەدواوە خێرای ڕیتمیش کەمێک دەگۆرێت بەپێی ئەوەى لەسکۆرەکەدا نوارێک یەکسان دەبێت بە(75) لێرەوە شێوازى ژەندنى کۆنتەرباس و چەلۆکان دەبن بە(arco) واتە لەپزیکانۆ تەواو دەبن . واتە لەسەرەتاوە تاباڕى( 35 ) ژەندنیان تەنها بەپزیکانۆ بوون.
    دواى پێنج باڕ سەرەتایەکى نزیک دێت بۆ ئیقاعی بنەڕەتى کارەکە واتە میلۆدیە بنەڕەتیە دانراوەکە. کە ڕیتمی( )شەش هەشتە
    
کارزان پێش دەستپێکردنى ئەم ریتمە بەترپەى کرۆشى سیانی بە خاوکردنەوەیەک (rit-)دەمانباتە ناو(ئیقاعی) ریتم  (  )  شەش هەشت
    
 . بە خێرای  نوارێکى خاڵدار یە کسانە بە  (50)لێرەدا رستەیەکى کوردی(6 باڕەى) خۆشمان دێتە بەرگوێ بە هاوشانیەکى سادەو جوان کە هەمان رستە دووبارە دەبێتەوە بە ئۆکتافێک بەرزتر ئەم جارەیان لە( سۆڵى دووهەمەوە)دەستپێدەکات لەلایەن هێڵی کەمانى یەکەمەکانەوە و تا باڕی پەنجا بەردەوام دەبێت لەباڕى(51) وە سەرەتایەک یاخود مۆسیقایەکى هاوشانیە بۆ مەقامە ناوازەکەى حەسەن زیرەک. لێرەدا کۆنتراپۆینتێکی جوان دەبیستین کە دراوە بە ئامێرە هەواییەکان کەسەرەتابەئامێرى ئۆبوا دەستپێدەکات ودواى باسون و دواتر فلوت بەهاوشانیەکى ئیقاعی جوان .

 
لەباڕى (58)هەمان ڕستەى ئۆبواى باڕی (53) بەڵام ئەم جارە بەدوایدا دووبارەبوونەوە نیە بەڵکو ڕستەکە دەگۆرێت ، پێنج باڕی نوێیە و دواى ئەم پێنج باڕە هەواییەکان دەوەستن وتەنها ژێدارەکان  ریتمێک دەگرن و لێرەبەدواوە مەقامەکەى حەسەن زیرەک دەستپێدەکات و ریتمەکەش بۆهاوشانى مەقامەکە : 
 
ئەمە بەهاوشانى ئامێرە  هەواییەکان ئەم بەشی مەقامە دووبڕگەیەو کلارنێت ژەنێکی زۆربەتوانا هاوشانى تەقسیمی مەقامەکە دەکات کەبە رۆحیەتێکی نەتەوەی  زۆرجوان هاوشانى دەکات. دوورلە مۆرک و رۆحیەتى تورک و عەجەم  و عەرەب. 
لێرەدا من  سەرنجێکم هەیە پێم باشبوو تەنها بەشێک لەم مەقامە دابنرایە.دڵنیام بیرۆکەى کارەکە دەگەیشت بە گوێگر چونکە هەست دەکەم کەمێک درێژە گوێگر زۆر چاوەرێی ئاوازە نوێیەکە دەکات. ئەم حاڵەتە واتە ئەم مەقامە تاباڕی(101) بەردەوام دەبێت ،بەڵام بەدووباربوونەوەى چەند جارەى هاوشانى مەقامەکە. دوبارە خێرای ڕیتمەکە دەگۆرێت  ئەم جارە نوارێکى خاڵدار یەکسان دەبێت بە (57) کە ئەمەش خێراىمیلۆدی بنەڕەتى ئاواز ى نوێى کارەکەیە. 
ئاوازەکە لەسەر پەیژەى حیجاز کاری سەر تۆنى(سۆڵە)لەنمرەى سێیەمى سۆڵە وە دەستپێدەکات واتە (سی بیکار) ئاوازێکی هێمن و ناسک وپڕاوپڕی هۆنراوە پایەبەرزەکەى ئەحمەد هەردی شاعیری گەورەیە ،لەدواى بەشی یەکەمى گۆرانیەکە  وچانێکی سێ باڕى دەدات بە گۆرانیبێژ بۆ دووبارە داخڵ بوونەوە دووبارەکردنەوەى رستەى یەکەمى میلۆدی. دواى ئەمە سێ باڕ مۆسیقا،بەڵام ئەم جارە ئاوازەکە بەرەوفراوانبونێکی تر دەڕوات  کە ئەم جارە(8) باڕی دووبارەبووتەوە بەڵام ئەمجارە لە تۆنى(دۆى دووهەمەوە)دەستپێدەکات. 
تا دەنگى(ڕێ) ى دووهەم دەڕوات، جگە لەتۆنە جوانکارییە بەرزەکانى ترى ئاوازەکە و لەدوایشدا گەڕانەوە بۆتۆنی بنەڕەتى پەیژەکە کە تۆنى(سۆڵە) بەم شێوەیە ئەم بڕگەیە دووبارە دەبێتەوە بە دووبارکردنەوەى مۆسیقای پێشەکى ریتمی( 68 )شەش هەشت. 
بەم شێوەیەش ئەم کارەش هاوشێوەى هەندێ کاری هونەرى ئۆرکسترالی کە سکۆرەکانیان دەکرێت بدرێتە ئۆرکسترا ناوخۆییەکان و جیهانیەکان سوودیان لێ وەربگرن وببنە بەرهەمى پرۆگرامی کۆنسێرتەکانیان. بەڵام بەدانان و نوسینەوەى هێڵی ئامێرە ریتیمەکانیش وەکو ئەوەى کە جێ بەجێکراوە لە تۆمارکردنەکەدا ،چونکە لەسەرەتادا هەروەک ئاماژەم پێدا لە سکۆرەکەدا هێڵی ئامێرەئیقاعییەکان نەنوسراوەتەوە. 
دووبارە دەستخۆشی لەبەشداربوانى ئەم کارە  دەکەم لەخاوەنى بیرۆکەو ئاوازدانەرەکەو ودابەشکاری مۆزیکی کارەکەو کاکە عەدنان  کەریمى گۆرانیبێژ و سڵاو دروود بۆگیانى پاکی هونەرمەند حەسەن زیرەک
پەراوێز : 
*هێرش عمر رەزا ساڵى 1963 لەشاری سلێمانى لەدایکبووە لەساڵى 1979 لە چالاکی قوتابخانەکان دەستى بە خوێندنکردووە. ئەندامی تپی مۆسیقای منداڵانى پیرمێردبوو. ساڵى 1986 بووە بەئەندامی تیپی مۆسیقای سلێمانى ، ساڵى 988 لەگەڵ کۆمەڵێک هونەرمەندى بەشی مۆسیقای کۆمەڵە هونەرەجوانەکانى کودیان دامەزراند. خاوەنى ژەندین ئاواز و دابەشکردنى مۆزیکیە و کەمانچەژەنێکی بەتواناشەو کاری دانانى بۆزۆرێک لە گۆرانیبێژەکان کردووە لەوانە ( حمە رووف کەرکووکی وڕازاو و دیارى قەرەداغی و عدنان کەریم و ) مۆسیقای درامی رابۆنى کردووە و کاری بۆ گۆرانى مناڵان زۆرکردووە و ئێستاش لە وولاسویدەو بەڵام بەدڵ و بەگیان هەر لە کوردستان و شاری سلێمانیە. 
*ئەحمەد هەردی : 
هەردی ناوى ئەحمەدە باوکی ناوى حەسەن بەگە کە کوڕى عزیز بەگە ، ساڵى 1922 لە شاری سلێمانى لەدایکبووە. ساڵى 1938 لە نوسیندا نازناوى هەردی بۆخۆى هەلًَبژاردووە، ساڵى 1941 بووە بەمامۆستالەقوتابخانەسەرەتاییەکاندا، ساڵى 1973-1974 لە کۆلیجی ئەدەبیاتی زانکۆى سەلاحە ددینى ئێستا مامۆستاى رەخنەى ئەدەبی بووە. ( ڕزاى تەنیای) ئەحمەد حسن عزیز( ئەحمەد هەردی) بەروارى 1/1/1985 لە چاپخانەى زانکۆى سەلاحەددین چاپی کردووە. 
 ئەم زانیاریانەم لەگەڵ براى هونەرمەند چالاک ێدیق دا تاوتوێکردووە و کە هونەرمەندێکی شارەزایە لە بوارى پەیژەو مەقامەرۆژهەڵاتیەکان.

(لینکی گۆرانیەکە) 
<iframe width="420" height="315" src="https://www.youtube.com/embed/xe_g4ej3iyM" frameborder="0" allowfullscreen></iframe>

 

 

بینراوەکان: 1641 | دانراوە لەلایەن: Kurdfas | هەڵسەنگاندن: 4.5/2
سەرجەم پەیامەکان: 0
omForm">
avatar
Make a free website with uCoz