سەرەتا » 2014 » December » 20 » زیاتر لە 3000 دۆلاریش بدەیت نهێنى ملپێچەکەى میرە نازانیت
5:24 PM
زیاتر لە 3000 دۆلاریش بدەیت نهێنى ملپێچەکەى میرە نازانیت

هونەرمەندێک پر لە بزێوى و بوێرى ، توانایەکى پر لە ئەفراندن ، دژەباوێکى راستەقینە ، کاتێک پەیکەرى (پەى کەر ) یا (کیسەڵە گەورەکە) یا(پەیکەرى نوسەرێک لە قەڵەم) و (پەیکەرێک لە قتو) دەبینیتەوە دەبێت ناوى زیرەک میرەت بیر بێتەوە، ئەم جارەیان (کوردیش فاس) مەرحەباى ئەم هونەرمەندە دەکات و ئەویش بە رێزەوە مەرحەباییەکەمانى قبوڵ کردو هەر خێرا کەوتینە قسەوباس .
*میرە لەدایک بووى ساڵى 1980 و هاوسەرى خاتوونە هونەرمەند (کیژان ابراهیم خەیات) و کیژێکى جوانیان بەناوى( زین )هەیە .
میرە جگە لەپەیکەرەکانى ( پەى کەر ، کیسەڵە گەورەکەى دەباشان ، پەیکەرى پۆستاڵ لە کەرکوک ، پەیکەرى خۆرى ئازادى لە بغداد، پەیکەرێک لە قتو لە سلێمانى ، پێشانگاى پەیکەر لە سابوون ، پەیکەرى شەباب لە چایخانەى شەعب ، پەیکەرەکانى ئێسکى حەیوان) و چەندانى تریش دەرهێنەرو سیناریستێکى لێهاتوشە و لەو بوارەشدا سەرکەوتوبوە و خاوەنى چەندان خەڵاتى هەرێمى و نێودەوڵەتیشە لەوانە له کورتە فیلمى(هەناسە) و (گەران بەدواى خودا)، میرە چەندان کلیپى دروست کردوە بۆ هونەرمەندە گۆرانى بێژەکانی وەک : عدنان کەریم ، کیژان ابراهیم ، تاراجاف ، اسماعیل سابورى کە دەتوانرێ ئایدیا جوانەکانى میرە لەم کلیپانەیا بەدى بکەیت. زۆر لە شاکارەکانى میرە هەرزوو لە پێگە جیهانیەکان دەبنە مانشێت و هەواڵ و بڵاو دەکرێنەوە لەوانە پرۆژەی پەیکەرى (پەى کەر) لە سایتى (yahoo) ماوەى 24 سەعات بە زمانى ئینگلیزى و عەرەبى بڵاو کرایەوە، وە سایتى میدیاى (D.W)ئەڵمانى بە بایەخەوە هەواڵەکەى هێشتەوە و باسى دەکرد .
لە بارەی بەهرە مەندی و کاریگەریەوە میرە دەڵێت : من مناڵ بووم کاتێک سەیرى دەست و پەنجەیى دایکم دەکرد کە بەقور هەندێک کەرەستەى دروست دەکرد و لەوەوە هەستم دەکرد هونەر بۆمن بۆ ماوەیە دەنا لە هیچ خانەو فێرگەیەک فێر نەبوم بگرە ئەوەى دەیکەم ئایدیاى خۆمە .
پرسیار :بۆ هەمیشە کارەهونەریەکانت جودایە لە کارى هونەری باو و بینراوى تر ؟
*لە مناڵیەوە خاوەنى ئەو هەستەم دەکرێت بە خۆم بڵێم دژە باوم ، تەنانەت کاتێک تۆپانێمان دەکرد من حەزم بەوەبو کە گۆڵچى تیپەکەى خۆم بم ، چونکە تەنها یەک کەس دەبێت گۆڵچى بێت، بەدەر لەوەش ئەرکى هونەر لەوەدایە، هەر.بۆیە جارێکى تریش یەکەم کەسم بە فەرمى رامگەیاند لەم پاش مردنم جەستەى خۆمم بەخشیە ئەو کەسانەی پێویستیان بە هەر یەک لە پارچەو خانەکانی لەشم دەبێت بۆ بەردەوامیان لەژیان ، کە ئەمەش دەتوانم بڵێم نەک لە کوردستان بەڵکە لە تەواوی عێراقدا یەکەمین کەسبم ئەم بەخشینەم کرد ، لە پاش ئەم بەخشینەش کۆمەڵەى جەستە بەخشان دروست بوو .
پرسیار : هیچ پرۆژەیەک هەیە کە هەوڵت بۆ دابێت و نە هاتبێتە بەرهەم ؟
*بەڵێ زۆریش هەبوون ، لە هەموویان گەورەتر پەیکەرێکى گەورەبوو کە دەبوو لە دراوى وردەى عێراقى دروستم بکردایە واتە مەبەستم لە دینارو پارەی ئاسنی راکێشراوەی عێراقە و بەم پارانە پەیکەرێکی گەورەم لێ دروست دەکرد دەبوو لە بەغدا دابنرایە ،هەر لە سەرودەمى دوای پرۆسەى ئازادى عێراقدا بو کە لەگەڵ (هاریشود)ى ئەمریکى قسەمان کرد کە ئەوکات حاکمى فەرمانرەواییى عێراق بوو ، بیرۆکەى پرۆژەکەمى زۆر قبووڵ بوو زۆریشی پێجوان بوو ، بۆیە نوسراوێکى پشتگیرى کرد بۆ فەرماندەیى سوپاى بەریتانیا لە عێراق تا کار ئاسانى پرۆژەکە بکەن چونکە ئەوکات پرۆژەکە دەبوو لەلایەن ئەو فەرمان رەوا بەریتانیەشەوە قبووڵ بکرایە ، بەڵام بە بیانووى نا جێگیرى بارودۆخى ئاسایشى ئەو کاتەى عێراق پرۆژەکەم دواخراو دواتر کات بەسەرچوو و دروست نەکرا ، کە دڵنیام ئەو پرۆژەیەش بۆخۆی دەنگدانەوەیەکی تایبەتی دەبوو وە کارێکی ناوازەش دەبوو . 
پرسیار : بەراست میرە نهێنى ئەم ملپێچە شینە نادرکێنى؟
*(بەپێکەنینێکەوە.......) هەرگیز نا ، 3000 دۆلارم پێدراوەنهێنیەکە بڵێم ، نەم وتوە !
پرسیار : پرۆژەى نوێت هەیە ؟
*بەڵێ پرۆژەیەکى گەورەم لەبەردەستایە ماوەى دوو ساڵە کارى بۆ ئەکەم کە بیرۆکەیەکى ژینگەییەوەک (مۆنۆمێنتێکی ژینگەیی) ، لە %80 ئامادەکاریەکان تەواو بوون دواى تێپەرینى ئەم قەیرانە تەواوى دەکەم. من تا ئێستا توانیومە زیاتر لە سێ سەد هەزار پاشماوەی فرێ دراوی گەشتیاران کۆ بکەمەوەو دواتر لە جێگەیەکی باشدا پرۆژەکە جێگیر دەکەم ، هەرچەند ئەم کارە بۆ ژینگە دۆستی خزمەتێکی نوێیە وە لە جەمسەرێکی تریشەوە هەر لە ئێستاوە پرۆژەکەم خزمەتە چونکە وەک وتم تا ئێستا زیاتر لە سێ سەد هەزار پاشماوەی فرێ دراومان کۆ کردۆتەوە .
هەمیشە وەک نەریتێک لە هەر شاکارێکیدا کەسایەتیەک راستگۆیانە لەسەر میرە دێتە دەنگ و لەسەرى دەدوێ لەوانە ( د. دینۆ ئاندرێ پسپۆرى فۆتۆگرافى فەرەنسى ، رێبوار سیوەیلى ، فەرهاد پیرباڵ ، لەتیف هەڵمەت ، مەزهەرى خالقى ، شیرزاد حەسەن ، یەکێکی تر لە نوسینەکان سانا خان لە ستۆکهۆڵمەوە نوسیویە و دەڵێت :
روحی هەست كردن بە بەرپرسیارێرێتیت وای لێم كرد شتێك لە هونەرەكەت بخوێنمەوە ،
بۆ زیرەك میرە ،
بەرێزم ڕێگەم پێبدە چەند شتێك لەسەر خۆت‌و هونەرەكەت بڵێم...
كاتێ سەیری كارەكانی هونەریت دەكەیت تەواو بوون‌و كەسایەتی تۆ دەردەكەوێت. پێویستە هەموو كورد شانازی بە تۆوە بكات ، ئەزانی بۆ ؟ چونكە ئەوە تۆیت هاتیت جیهانی فەلسەفەت لە ڕێگەی هونەرە بلیمەت‌و بێسنوورەكەت بۆ كورد زیندوو كردەوە. هەروەها ئەوەی دەیكەیت تەنها هونەر نیە بەڵكو بەرپرسیاریەتێكی ڕوحیە گرێ كوێرەكانی مرۆڤ. تۆ هاتوی ئەوەی شاراوەیە لە ناخ‌و ئەقڵی مرۆڤ كە خۆی ناتوانێت بیڵێت یاخود دركی پێنەكردووە.. تۆ لە ڕواڵەتی هونەرەكەت ڕووبەڕووی مرۆڤەكان خۆیانت كردۆتەوە. دەمەوێت ئەوەشت پێبڵێم كە مرۆڤ ناتوانێت بێ‌ هەندێ‌ لە شێتی بلیمەت بێت. هەروەها كتێبێكت لە بچوكترین پەیكەرتا نووسیوەتەوە. كە ئەمەش نیشاندانی فكری بێسنووری تۆیە. شانسی مرۆڤ لە ئەقڵ‌و فكری خۆیدایە. هیوادارم هەموو تاكی كورد بزانن بەهای هونەرەكەی تۆ چییەو لە چی ئااستێكدایە. مێژوو ‌و ئێستا‌و داهاتوو تەنها وەك هەگبە هەڵتنەگرن بەڵكو سوود لە هونەرە مەزنەكەت وەرگرن. وەك وتم ئەو كەسانەی كە بلیمەتن دەبێت هەندێ‌ شێتیان تێدابێت ، بۆیە تۆ هێندە بە شێتانەیەكی شەیدایی بۆ پەیكەرەكانت فكر دەكەیتەوە كە ئیتر شتێك بۆ گومان ناهێڵێت . 
ئەمانەم بۆ پیاهەڵدان نەنوسیوە، بەڵكو خوێندنەوەیەكی كورتە سەبارەت بە هونەرەكەت. لە كۆتاییدا دەڵێم تۆ ناوبانگت داوەتە پەیكەرەكانت نەك پەیكەرەكانت تۆیان ناساندبێت!!!
) کە هەریەک لەم بەرێزانە توانیویانە هونەرەکانى میرە بە زمانى خۆیان پێناسە بکەن و پەى پێببەن.
جێگاى وتنە میرە وەک لاوى ساڵى 2012 دەستنیشانکرا لەسەر ئاستى هەرێم لە بوارى پەیکەرسازیدا .
هێشتا هەر زۆر زۆر ماوە بیڵێت و ئێمەش لێى بپرسین ، بەڵام ئەم وێنانە هەندێک لەوەى نەوتراوە پێمانى دەڵێت!

بینراوەکان: 404 | دانراوە لەلایەن: Kurdfas | هەڵسەنگاندن: 4.5/2
سەرجەم پەیامەکان: 0
omForm">
avatar
Make a free website with uCoz