11:35 PM شانۆ کارانی کورد وتاریان بۆ رۆژی جیهانی شانۆ هەیە | |
کۆمەڵێک لە شانۆ کارانی کورد وتاریان بۆ رۆژی جیهانی شانۆ هەیە..... هونەرمەند/میدیا رەوف *وەرن.. با پێش ئەوەی مردن کۆمانبکاتەوە لە ژیاندا یەکمان خۆش بوێت. پەیمان نامەیەک واژۆ بکەین کە لەیەکتر دانەبڕێین. وەرن پێکەوە شانۆکەمان پڕ بکەین لە جوانی و بەها مرۆڤایەتییەکان. بەخۆشەویستی بەڕەنگاری ئەو هەموو توندو تیژییە ببینەوە کە جیهانی گرتۆتەوە. وەرن پێکەوە کار بکەین. ئێمە پێکەوە جوانین. پێکەوە دەتوانین چەندەها گۆرانی جیاوازو ڕەنگی جیاواز لە تابلۆ جیاوازەکانی شانۆدا بەرجەستە بکەین. وەرن پێکەوە سەردانی ماڵە هەژارەکان بکەین و خەندە بخەینە سەر لێوی مناڵەکانمان. سەردەم سەدەمی دابڕانی ئینسانە لە ئینسان، تەنها ئێمەی شانۆکارین کە بەڕۆح و ڕاستەوخۆ ڕوبەڕوی جەماوەر دەبینەوەو تەنانەت هەندێ جار گوێمان لە هەناسەکەشیانە لەهۆڵەکاندا. . کاری ئێمە هێندە سەختە هێنەدەش ئاسان دەتوانێت کار لە جەماوەر بکات. هەر بۆیە دەبێ پەیامەکانمان لە بەها ئینسانیەکان دور نەکەوێتەوە. وەرن پەیمان بەخۆمان بدەین ببینە نەرمە بارانێک بەسەر ڕۆحی خەڵکیدا نەک لێزمە بین، ببینە شنە بایەک نەک ڕەشەبا. عاشق بین بەرامبەر ناشرینیەکانی ژیان. بڕیاری دیالۆگ و گوێ لەیەک گرتن بکەینە بنەمایەک بۆ پێکەوەژیان. وەرن پەیمانێک واژۆ بکەین پێش مردن. ============================ هونەرمەند/شەماڵ فەهمی *ئەمڕۆ شانۆکاران لە سەرانسەرى دونیا بەهیوایەکى بەرزەوە دەڕواننە داهاتووى شانۆ و پیرۆزبایى و پەیامى شانۆکاران دەگەیەننە یەکتر ئێمەش شەڕێکى نەخوازراو بەرۆکى گرتوین و هەموو کایەکانى ژیان سست بووەوشانۆ هێندەى ترلە قەیرانى جدى دایە بەهیواى ڕزگاربوون لە هەموو قەیرانەکان و گەڕانەوەى ئومید تا ئێمەش وەک گەلان بتوانین چێژ لە بۆنەو یادەکان وەربگرین پیرۆز بێت ڕۆژى شانۆ . ============================ هونەرمەند/فرمێسک مستەفا * کاتێ پاکژ بوونەوی روح و نزیک بوونەوە لە ئیماندارێتی وجود و گەشتێک بە ژیان دۆستیدا، تەنیا لەسەر سەکۆ مەیسەر دەبێت.. چرکەی لە دایک بوونی شانۆکار لە رەحمی مەشق کردن، سەر قاڵ بوونەوەیە بە بەرهەم هێنانی شانۆ نامەیەک لەسەر سەکۆ. بینەر جگەر گۆشەمانە. ئیدی ئەم هەموو ڕقە بۆ؟ ئیدی لەیەک داپچڕان و ناو زڕاندنی یەکتر بۆ؟ کەهەموو لە رەحمی یەک دایکەوە هاتبێتینە ناو ژیانەوە.. لە سەر جوگرافیای چوارچێوەی تەختەیەک کە ناوی شانۆیە لە دایک بین. بۆ ئەم خیانەتە لە خوشک و براکانمان؟ باسی تەبایی و پەیام دەکەین، باسی شەونخونی خۆمان دەکەین و ئازار و خەمە هاوبەشەکانمان دەکەین، وەلێ ڕێزی ماندوو بوون و شەونخونی و خەمەکانی یەکتر ناگرین و ناتوانین بیانبینین! با بە ئیمانداریی و بڕوای تەواوە وە شانۆنامەکان نمایش بکەین . لە یادی نەکەین کە نەوەی هەموو ئەو دەقە نوسراوانەی کەسێکین بە شەونخونی و خەمەوە پێشکەشی کردووین.. با فێری شەڕێکی جوامێرانە بین بۆ ژیان بۆ شانۆ بۆ پاراستنی یەکتر. ============================= هونەرمەند/شوان کەریم *مرۆڤایەتی دڵی بەوە خۆشە ئێوەی هەن ئێوەی کە زۆربەی جار مانایەک ئەبەخشنەوە بە ئێوارەکان.گەر بەوردی سەیری خراپترین نمایشی شانۆی بکەین ئەبینین بەرجەستەکردنێکی خراپی خەونێکی جوانە واتا لە خراپترین کاتا ئێوە خاوەنی مەبەست و خەونێکی جوانن گەر دنیا بەمانا ئەیدیاکەی دابەش بکەینەوە بەسەر ڕەش و سپی دا بەدڵنیایەوە ئێوە لە دوهەمدان لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆژ بە ڕۆژ ئەرکەکانتان زیاد ئەبن تێر کردنی مرۆڤ لە جوانی. کردنەوەی دەرگای نوێ بۆ جیهان بینی .پاک کردنەوەی لە نەخۆشی و خستنە پێکەنینی مرۆڤی سەردەمەکەتان کارێکی ئاسان نیە بەڵام کەی پیشەی هونەر ئاسان بوە؟ ئێوە ئەو مناڵەتان لە ڕۆحتانا پاراستوە کە لە تاریکی هۆڵەکاندا گەمە ئەکات و پێمان ئەڵێت ژیان بۆ وای لێهات؟ ژیان بۆ وایە؟ ئێوە بە خەونی جودا و میتۆدی جوداوە خەریکی بەرجەستەکردنی خەونەکانتانن هەر یەک لە ئێوەش ڕۆژێک لە ڕۆژان چەپڵەی گەرمی بینەری بیستوە ئەو چەپڵەیەی ئیدمانمان ئەکات بە نمایشی باشتر بە چەپڵەی گەرمتر درێژتر..بۆ ئەوەش شەونخونی و گەڕان و خوێندنەوەو جیهانبینی مرۆڤ دۆستانەمان پێویستە کە بەس شانۆکار ئەزانێت چ ماندوو بونێکە و چ چێژێکە چەپڵەی دوای نمایشێکی زیندوو .، ماندوو نەبن . =============================== هونەرمەند/ دیدار عومەر *رۆژی جیهانی شانۆ لە شانۆ کاران و بینەرەکەی پیرۆزو پر شکۆ بێت.. بۆ ئەوانەی سالەهایەکە تەمەنیان بەخشیوە بە شانۆ، ماندوو نەبن. من له رۆژی جیهانیی شانۆدا پێشنیاری ئەوە دەکەم بیر لهئهگهری ئەوە بکهنهوه، کە شانۆ له ریزەکانی پێشهوه دابنێن، وهک ئامرازێکی جیهانی بۆ گفتوگۆکردن و گۆڕانکاریی کۆمهڵایهتی و چاکسازیی، با شانۆ ببێتەوە زمانی حاڵی بون و خستنە روو، شانۆ ببێتەوە کارەکتەرێکی زیندوو، لە دۆخی گیانەڵا رزگاری بکەین و لاو ئاسا بێتەوە بەر چاو!! دڵنیا شانۆ لە هەموو کات و لە هەر شوێنێکدا، زمانە، شۆرشە، رەخنەیە، دەتوانێ پرسیاری گەوهەری بکات و تێ رامان دروست بکات. شانۆکاران، ئەگەر بەخۆت دەڵێیت شانۆ کار و رۆژێک لە رۆژان شانۆییەکت دیوە، یا لە شانۆییەکدا بەشدار بوویت، ئەوا دڵنیابە وەزیفەیەکت لە سەر شانە و بەرپرسیارێتی دروست کردنی شانۆی کوردیت لەسەرە. تا بەهەموومانەوە شکۆی شانۆ لەم مەملەکەتەدا بدرەوشێنینەوە. ================================ هونەرمەند/جوانە ساڵح *بەر لە هەر شتێک ڕێز و خۆشەویستى بێپایەنم بۆ سەرجەم پێشمەرگە قارەمانەکانى کوردستان و پارێزەرانى گەلەکەمان سەرى ڕێز دائەنەوێنم بۆ شەهیدە نەمرەکانمان .لە ڕۆژى جیهانى شانۆدا پیرۆزبای لە سەرجەم شانۆکارانى جیهان و کوردستان بەتایبەت ئەکەوم بە پێویستى ئەزانم لەم ڕۆژەدا دەستخۆشى و پیرۆزبایی تایبەتم هەبێت بۆ شانۆکارانى پایتەختى ڕۆشنبیرى کە بێ گوێدانە ماندوبون و لەم قەیرانە داراییەى کە ڕوبەڕومان بۆتەوە زۆر خۆنەویستانە بەردەوام بوون لە کارکردن و پێشکەشکردنى کارى جوان دوبارە پیرۆزە لە هەمووان . ================================= هونەرمەند/پشتیوان خالید ڕۆژی جیهانی شانۆ لە سەرجەم شانۆ کاران و هەوادارانی شانۆ لە هەر گۆشەیەکی زەمینن بە تایبەت کوردستانی ئازیز پیرۆز دەکەم . گەلی کورد وەک هەمیشە لە نێو زەبر وزەنگ و دار وپەردووی ڕووخاو بە دووی کەلێنێک گەڕاوە تا ئەوانیش وەک گەلان بێ بەش نەبن لە بۆنەو یادەکان ئەوا ئەمساڵیش لە گەڵ بوونی جەنگێکی نەخوازراو کە بەرۆکی گەلەکەمانی گرتووە لە لایەک و نەبوونی هیچ جۆرە بودجەیەک لە لایەکی دی بۆ ڕاپەڕاندنی کارە هونەرەیەکان بەڵام خۆشبەختانە شانۆکاران بە گوڕ و تینێکی تەواوەوە دەست لە ناو دەست لە خۆ ئامادە کردن بۆ پێشکەش کردنی کارە هونەریەکان لە ڕۆژی جیهانی شانۆ تا ئێمەش لە پاڵ جیهان ئەم یادە بکەینەوە لێرەوە سەری ڕێز وەفا نەوی دەکەم بۆ شەهیدانی ڕێگای ئازادی و سەرجەم پێشمەرگەو شەرڤان و پارێزەرانی کوردستانەکەم پێیان دەڵێم سوپاس بۆ خەمخۆریتان و پارستنی ئەم خاکە کە ئێمە دەتوانین لە سایەی ئێوەوە ئەم یادە بەرز بنرخێنین دووبارە پیرۆزبای لە سەرجەک شانۆکاران دەکەم . ________________سوپاس بۆ سایتی شانۆکار لە وەرگرتنی هەندێک لە لێدوانەکان _______________________ | |
|
سەرجەم پەیامەکان: 0 | |